riklam

سلێمانی.. داوا له‌ لیسته‌كان ده‌كرێت پابه‌ندبن به‌ بانگه‌شه‌یه‌كی هێمنه‌وه‌

kurdistani 11:08 PM - 2014-04-20
كۆبونه‌وه‌ی ئه‌منی له‌ قائیمقامیه‌ت

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌منی له‌ قائیمقامیه‌ت

به‌مه‌به‌ستی دانانی پلان و ڕێوشوێنێكی گونجاو و نوێ‌ بۆ پارێزگاری كردن له‌ ئاسایشی ناوشار و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و هه‌روه‌ها ڕه‌خساندنی بارودۆخێكی ئارام و هێمن بۆ به‌ڕێوه‌چونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن.

ئه‌مڕۆ 20-4 له‌ دیوانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی سلێمانی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ئه‌منی و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شداربووی هه‌ڵبژاردنی 30-4 كۆبوویه‌وه‌ .

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی هه‌موو بڕیار و رێنماییه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ دوور له‌ توندوتیژی و رووداوی نه‌خوازراو و دڵته‌زێن تێبپه‌ڕێت .

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا ئاوات محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی شاری سلێمانی رایگه‌یاند: لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ باره‌ی رووداوه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی به‌رده‌م لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهێناوه‌ و لیژنه‌كه‌ لیكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌ و له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌پشت ئه‌م رووداوه‌وه‌ن.

 وتیشی: ده‌ستێك هه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م ئارامی و ئاسایشه‌ی شاری سلێمانی بشێوێندرێت و بۆ ئه‌وه‌ی نا سه‌قامگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بهێنرێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵكراو نییه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ رێگریكردن له‌ هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م جۆره‌.

 وتیشی: هه‌ر كه‌سێك له‌ پشت ئه‌و رووداوه‌ و هه‌ر رووداوێكی ئاژاوه‌ گێری و دروستكردنی نا ئارامیه‌وه‌ بێت به‌ توندی به‌ره‌نگاری ده‌بینه‌وه‌ و رێگه‌ ناده‌ین ئارامی و ئاسایشی شار و هاووڵاتیان و لایه‌نگرانی هیچ لیست و لایه‌نێكی سیاسی رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ببێته‌وه‌ .

ئاوات محه‌مه‌د ئاشكرایكرد، بۆ زیاتر پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری سلێمانی بڕیاریانداوه‌ ژماره‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ به‌رده‌م باره‌گای حزبه‌كان و شه‌قامه‌ سه‌ره‌كی و شوێنه‌ گشتیه‌كاندا زیاد بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر بتوانرێت رێگری له‌ سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی هه‌ر رووداوێكه‌ نه‌خوازراو بكرێت.
 
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی سلێمانی راشیگه‌یاند: ئه‌ركی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان پاراستنی سه‌رو ماڵی هاووڵاتیان و دابینكردنی ئارامی و  ئاسایشی زیاتره‌ و له‌م رووه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ و ئه‌ركی پاراستنی شاری سلێمانی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و بانگه‌شه‌كاران به‌بێ جیاوازی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی خۆمان و هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌نگاوی پێویستیش له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌نێین.



ئاوات محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی سلێمانی راشیگه‌یاند: له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا داوامان له‌ نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كرد كه‌ لایه‌نگرانی خۆیان ئاڕاسته‌ بكه‌ن كه‌ پابه‌ندبن به‌ شێوازێكی شارستانی بانگه‌شه‌وه‌ و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ گرژی و ئاڵۆزی و هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كان پابه‌ندبن به‌ كاتی كۆتایی هاتنی بانگه‌شه‌ كه‌پێش ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ بڕیاردرا له‌ سه‌عات 9 ی شه‌و كۆتایی پێ بێت .

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، داوایه‌كیان ئاڕاسته‌ی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسه‌كان كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ راگه‌یاندنی حزبه‌كان به‌زمانێكی ئارامتر و دوور له‌ (ناو زڕاندن) بانگه‌شه‌ بكه‌ن و هانی خه‌ڵكی بدرێت پابه‌ندبن به‌ یاساو رێنماییه‌كانه‌وه‌ نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵی دروستبونی بارگرژی و ئاڵۆزی بده‌ن.

 
له‌ كۆتایی كۆنگره‌كه‌شدا ئاوات محه‌مه‌د رایگه‌یاند: له‌ماوه‌ی 20 رۆژی رابردووی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی تۆماركراون له‌ چاو بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتردا كه‌متربووه‌.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket