riklam

كه‌ركوك.. مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌نگ به‌لیستی 266 ی یه‌كێتی ده‌ده‌ن

kurdistani 06:24 PM - 2014-04-19
فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان خه‌مخۆری چاره‌نووسی كه‌ركوكن

فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان خه‌مخۆری چاره‌نووسی كه‌ركوكن

ئه‌مڕۆ 19-4 د.نه‌جمه‌دین سه‌رۆك و كاندیدی ژماره‌ 1 ی لیستی ژماره‌ 266 ی (ی.ن.ك)  له‌ هۆڵی رۆشنبیری له‌ شاری كه‌ركوك به‌شداری كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و شاره‌ی كرد.

له‌و كۆبوونه‌وه‌ به‌رفراوانه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كاندیده‌كانی یه‌كێتی ئاماده‌یبوون، دوای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و خوێندنه‌وه‌ی وتاری هه‌ریه‌كه‌ له‌ هه‌ڤاڵان وه‌ستا ره‌سوڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی (ی.ن.ك) و  محه‌مه‌د وه‌هاب لێپرسراوی كۆمیته‌ی رێكخستنی فه‌رمانبه‌ران كه‌ تیایدا وێرای باسكردن له‌ گرنگی و بایه‌خی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ بۆ دیاریكردن و چه‌سپاندنی چاره‌نووسی شاری كه‌ركوك ئاماژه‌شیان به‌وپێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنانه‌ كرد له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا له‌سه‌رده‌ستی ئه‌ندازیاری ئاوه‌دانی شاری كه‌ركوك د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌ده‌ست هاتوون بۆ خزمه‌تی چین و توێژه‌ جیاجیاكانی شاره‌كه‌ به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینی و مه‌زهه‌بی.

دواتر له‌نێو چه‌پڵه‌ڕێزان و پێشوازی گه‌رمی ئاماده‌بووان د. نه‌جمه‌دین ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆك و كاندیدی ژماره‌ 1 ی لیستی ژماره‌ 266 ی (ی.ن.ك) له‌ كه‌ركوك وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تیایدا تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌مڕۆی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌.

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵ و بایه‌خی چینی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران د.نه‌جمه‌دین وتی: ئه‌گه‌ر هێز و لایه‌نه‌كانی تر ئێستا ئه‌م هۆڵه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ببینن و بزانن ئه‌و هه‌موو مامۆستا و فه‌رمانبه‌ره‌ پشتیوانی له‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ده‌كه‌ن بێ سێ و دوو جانتاكانیان ده‌پێچنه‌وه‌ و ئه‌م شاره‌ به‌ جێدێڵن.

راشیگه‌یاند: وه‌ك چۆن یه‌كێتی له‌ رابردوودا داكۆكیكار و خه‌مخۆری مافی كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان بووه‌ له‌ ئێستاشدا ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌خۆی به‌خاوه‌نی كه‌ركوك ده‌زانێت حزب و لیسته‌ سه‌وزه‌كه‌ی جه‌نابی مام جه‌لاله‌، ئێستاش بۆ سه‌لماندنه‌وه‌ی ئه‌و راستیه‌ و به‌رده‌وام بوونمان له‌ خزمه‌تكردنی شاره‌كه‌ و به‌تایبه‌تیش هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردن بگه‌یه‌نینه‌ جه‌نابی مام جه‌لال پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان رۆژی 30 ئه‌م مانگه‌ بكه‌ینه‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی گه‌وره‌ و سندووقه‌كانی ده‌نگدان پڕ بكه‌ین له‌ لیستی سه‌وزی ژماره‌ 266 ی (ی.ن.ك).

هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا، د.نه‌جمه‌دین له‌كه‌ركوك له‌ باسی خزمه‌تگوزاریه‌كاندا وتی: له‌وه‌ته‌ی ئێمه‌ خه‌نده‌قمان به‌ده‌وری شاری كه‌ركوك لێداوه‌ ره‌وشی ئه‌منی شاره‌كه‌ باشتر بووه‌، ئێمه‌ خه‌نده‌قمان لێدا بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ تیرۆر و تیرۆرستان، به‌ڵام خه‌ڵكانێكی تر خه‌ریكی خه‌نده‌ق لێدانن بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سنووری باشوور و رۆژئاوای كوردستان.

له‌ كۆتایدا كاندیده‌كانی تریش له‌ نێو چه‌پڵه‌ رێزانی ئاماده‌بووان خۆیان ناساند.


PUKmedia كه‌ركوك





ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket