riklam

د.نەجمەدین كەریم: بەیەكێتییان وت یان ناوخۆ یان پێشمەرگە بۆ یەكێتی دەبێت! ‌

kurdistani 01:06 PM - 2014-04-19
د.نەجمەدین كەریم سەرۆكی لیستی 266ی ی.ن.ك لەكەركوك

د.نەجمەدین كەریم سەرۆكی لیستی 266ی ی.ن.ك لەكەركوك

د. نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی‌و پارێزگاری كەركوك‌و سەرۆكی لیستی 266ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەپارێزگای كەركوك، لەمیانەی دیدارێكی تایبەتی كەناڵی كوردسات  نیوز-دا سەبارەت بە دواكەوتنی زیاتر لە 6 مانگی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و رێككەوتنی رۆژی 17/4/2014ی (گۆڕان- پارتی)‌و دۆخی كەركوك‌و ململانێی ئێستای حزب‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەهەرێم‌و لەكەركوك ئاماژەی بەچەند پێشبینی‌و پێشهاتێك كرد، ئەمەی خوارەوە پوختەی ئەو دیدارە تایبەتەیە:

سەبارەت بەدواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم‌و رێككەوتنی گۆڕان- پارتی‌و دابەشكردنی پۆستەكان رایگەیاند: ئەگەرچی پێكهێنانی كابینەكە زۆر دواكەوت، بەڵام كوردستان یەكەم شوێن نییە كە ئەو دواكەوتنە تێیدا روودەدات، بەڵام وتی: ئێمە ئەزموونێكی نوێمان هەیە، بۆیە باشتربوو حكومەت زوو پێكبهاتایە، لەبارەی هۆكارەكانیشییەوە پێیوابوو كە ئەو لایەنەی كە زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆیە دەستپێشخەریی هەر لەسەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ لەدەستی ئەواندا بووە ، وتیشی: لەوكاتەوە كە هەڵبژاردن كراوە تائێستا، چوار دانیشتنی رەسمیمان لەگەڵ پ.د.ك-دا كردووە سەبارەت بەو مەسەلەیە، روونیشیكردەوە كە ئەمڕۆ پارتی‌و گۆڕان رێككەوتوون، دیارە ئەو پۆستانەی كە دراوە بەگۆڕان، بەدڵیانە‌و وا بیردەكەنەوە كە بەمە دەتوانن ئەو ساڵانەی كە ئۆپۆزسیۆن بوون‌و ئەو قسانەیان كردووە، دەتوانن دروشمەكانیان بەدیبهێنن، یان هەندێك لەو دروشمانەی كە بەرزیان كردۆتەوە ئێستا بەجۆرێكی دیكەیە.

بەبێ یەكێتی قورسە
هەروەها وتی: ئێمە وەكو ی.ن.ك بۆچوونی خۆمان هەبووە كە ئەم حكومەتە چۆن دروستبكرێت‌و پێمان خۆشبووە كە حكومەتێكی بنكە فراوان دروست ببێت‌و واش بڕیاریداوە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا یەكێتی هێزێكی گەورەیە لەكوردستان‌و حوكمڕانیی كوردستان بەبێ یەكێتی قورسە لەم كاتەدا‌و هۆیەكانیشی دیارە، بەڵام وتی:  ئەمە رێككەوتنێكە لەنێوان خۆیاندا كردوویانەو ئێمە تائێستا رێككەوتنێكمان نییە لەسەر ئەم بابەتە.

*لەبارەی دوا راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیشەوە كە ئاماژە بەوە كراوە ی.ن.ك هەرزوو هەستی بەڕێككەوتنێك لەنێوان گۆڕان- پارتیدا كردبوو، هەروەك داواكانی یەكێتیلەدانوستاندنەكاندا، د. نەجمەدین كەریم ئاماژەی بەوەكرد كە:
 دیارە نیگەرانییەكانی یەكێتی چی بووە‌و یەكێتی چی ویستووە‌و تەئكیدیشی كردەوە كە لەبەرئەوەی پێشمەرگە‌و ئاسایش‌و پۆلیس بەتەواوەتی تێكەڵ نەبۆتەوە، یەكێتی بەباشی دەزانی كە یەكێك لەو دوو وەزارەتە ئەمنییە بەدەست یەكێتییەوە بمێنێت، بەڵام وتی: «دیارە برادەرانی پارتی وایان بەباش زانیووە یان وا رێككەوتوون لەگەڵ گۆڕان كە ئەو دوو پۆستە یەكێكیان بۆ پارتی بێت‌و یەكێكیان بۆ گۆڕان بێت. هەربۆیە ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە یەكێتی بڕیاری چوونە ناو حكومەتی بەوجۆرە تائێستا راگرتووە‌و بڕیاری لەسەر نەداوە».

*سەرۆكی لیستی 266ی یەكێتی وتیشی: راستە لەهەڵبژاردنێكدا ئەو دەنگەمان نەهێناوە كە بەتەمای بووین، بەڵام هەموو خەڵكی كوردستانیش دەزانن كە یەكێتی چ جۆرە هێزێكی هەیە، چ جۆرە جەماوەرێكی هەیە، هەروەها یەكێتی تەنیا حزبیش نییە كە لەهەڵبژاردندا سەركەوتوو نەبێت بۆ جارێك لەجاران، زۆر حزبی دنیا هەیە چەندەها ساڵ لەحوكمدا بوون‌و پاشان پاشەكشەیان كردووە‌و لەئۆپۆزسیۆن بوون‌و دواتر سەركەوتوونەتەوە بۆ دەسەڵات، بۆئەوەش نموونەی پارتی پارێزگاران‌و بەمارگرێت تاچەر كرد لەبەریتانیا‌و وتی سێ كابینەی لەسەریەك سەرۆك وەزیران بوو لەو وڵاتە، بەڵام دواتر كە پارتی كرێكاران هاتن ئەوانیش بۆ ماوەی 12 ساڵ حوكمڕانیان كرد، ئێستاش جارێكی تر پارتی پارێزگاران هاتوونەتەوە سەر حوكم، بۆیە ئەمە زۆر سروشتییە لەوڵاتی دیموكراتیدا‌و ئۆپۆزسیۆنیش مانای ئەوە نییە كە تۆ ئیتر هەڵناستیتەوەو مردوویت، بەپێچەوانەوە جاری وا هەیە ئۆپۆزسیۆن بوون یارمەتیشت دەدات بۆ هەڵسانەوە.

*لەبارەی هەستكردنی مەكتەبی سیاسیش بە رێككەوتنی پێشوەختی گۆڕان پارتی، د.نەجمەدین كەریم وتی: لەڕاستیدا ئەمە لەیەك مەسەلەدا نییە، چونكە وەفدی پارتی یەكەمجار هاتنە لای یەكێتی‌و دواتر چوونە لای گۆڕان، لەدیدارە رۆژنامەنووسییەكەدا دیاربوو كە گۆڕان زۆر بەدڵیانبوو، راشیگەیاند: لەدانیشتنەكانی ئێمەشدا دیاربوو كە نزیكبوونەوەیەكی تەواو لەنێوانیاندا هەبوو، بەتایبەتی ئەو وەفدی دانوستانكارەی پارتی،  هەرچەندە جاروبار هەندێك مەسج دەنێردرا لەڕێگەی كەناڵی تایبەتییەوە، یان لەسەرۆكایەتیی هەرێمەوە وەك ئەوەی كە یەكێتی هەر گرنگەو هاوپەیمانێتیی ستراتیژی زۆر گرنگەو هەر دەمێنێت‌و ئەمە وەكو وەفایەكە بۆ ئەو رێككەوتنە كەكراوەو بەتایبەتی جاروبار هێنانەپێشەوەی ناوی جەنابی مام جەلال، بۆیە شتەكان زۆرن.

24 سەعات بەردەوام نەبوو
هەروەها روونیكردەوە كە نیشانەیەكی دیكەی ئەوەی كە هەستكرابوو ئەم نزیكبوونەوەیە دەبێت ئەوەبوو كە ی.ن.ك دەستپێشخەریی كرد بۆ ئەوەی كە یەك لیستی لەكەركوك هەبێت، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، ئەو رێككەوتنە كرا، بەڵام 24 سەعات بەردەوام نەبوو و پارتی لێی كشایەوە، یەكسەر بەشوێنیدا گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵیش رۆیشتن.

*لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا د.نەجمەدین دەڵێت:
 نازانم ئەوكاتە رێككەوتنەكە كرابوو یان نا، بەڵام تا سەعاتێك بەرلە راگەیاندنی لیستەكەش ئێمە لەگەڵ برادەرانی گۆڕاندا دانیشتبووین، ئەوان لەگەڵ ئەوەدابوون كە بمێننەوە، هەر لەو دانیشتنەدا بووین كە لەسلێمانییەوە تەلەفۆنێكیان بۆكرا كە دەبێت ئەوانیش بكشێنەوە. جا دیارە ئەمە وەك پیشاندانی نییەتێكی باش بوو بەرامبەر بەپارتی لەلایەن گۆڕانەوە بەوەی كە ئەوان ئەو كارە دەكەن‌و نایانەوێت وا حسابیان بۆ بكرێت كە لەیەكێتی نزیكن‌و لە پارتی دوورن. بێگومان بڕیارێكی هەڵەیان دا، بڕیارێكی خراپ بوو بۆ خەڵكی كورد لەكەركوك، چونكە بەدڵنیاییەوە چۆن لە 2010دا هەزاران دەنگی كورد بەفیڕۆ رۆیشت، ئەمجارەش ژمارەیەك دەنگمان بەفیڕۆ دەڕوات بەبێ ئەوەی سوودی لێوەربگرین. 

*لەبارەی ئەو بۆچوونەی بەشێك لەچاودێرانی سیاسیشەوە كە پێیانوایە بەشێك لەو رێككەوتننامەیەی گۆڕان- پارتی لەسەر حسابی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، د. نەجمەدین كەریم دەڵێت: من بەوجۆرە خوێندنەوەی بۆ ناكەم كە ئەوە لەسەر حسابی ی.ن.ك بووە، بەڵام یەكێتیش بەرژەوەندییەكانی خۆی دەزانێت‌و ئەزانێت بەرژەوەندییەكانی لەكوێدایە، وتیشی: تائێستا پارتی لەو داواكارییانەی یەكێتی بۆ بەشداربوون لەكابینەی هەشتەمی حكومەت نەهاتۆتە پێشەوە.

دواتر بڕیاریان گۆڕی
لەبارەی ئەو هەڵوێستەی پارتیشەوە ئەوەی روونكردەوە كە یەكێتی لەوكاتەی كە باسوخواسی ئەم دوو وەزارەتە كەوتە ناو قسە لەسەركردنەوە كە یەكێكیان بۆ یەكێتی بێت، وەفدی یەكێتی دانیشتنی تایبەتیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم كردبوو و دڵنیاش كرابوون كە یەكێك لەو دوو پۆستە بۆ یەكێتی دەبێت، بەڵام وتی: دیارە دواتر بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو مەسەلەیە گۆڕیووە.

سەبارەت بەوەڵامی سەرۆكی هەرێمیش وتی: ئەگەرچی بۆخۆم لەوێ نەبووم بەڵام بەوەفدی یەكێتیان وتبوو یان «ناوخۆ» یان «پێشمەرگە» بۆ یەكێتی دەبێت.

سەبارەت بەچارەنووسی رێككەوتننامەی ستراتیژیش لەدۆخێكی ئاوادا كە پارتی رێككەوتنێكی لەگەڵ گۆڕان ئیمزاكردووە بەتایبەتی كە هیچ رێككەوتنێكی لایەنێك لەو دوو لایەنە نابێت كاریگەریی بۆسەر لایەنەكەی دیكە هەبێت، د.نەجمەدین بیروبۆچوونی خۆی نەشاردەوەو راشكاوانە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە رێككەوتننامەی ستراتیژی لەڕووی پراكتیكییەوە ئێستا زۆر لاوازبووەو وتی: وەك بەنجكرابێت وایە‌و لەژێر هەناسەپێدانی دەستكرددایە، بەڵام وائێستا خەریكە ئۆكسجینەكەشی لێ دەبڕدرێت، ئەمەش راستییەو هەموولایەنەكان دەزانن چ پارتی‌و چ یەكێتی‌و چ گۆڕان‌و هەموو خەڵكی كوردستانیش.

رێككەوتننامەی ستراتیژی
وتیشی: من هەر لەسەرتاوە بۆچوونم وابووە كە دەبێت رێككەوتننامەی ستراتیژی لەسەر شتی گەورە بێت، وەك پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا، پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، مەسەلەی ناوچە دابڕێنراوەكان‌و مادەی 140، بەڵام وایلێهاتبوو دادەبەزییە سەر ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك یان بەڕێوەبەری پرسگەی شوێنێك ئەگەر ئەم دابنرێت دەبێت ئەویش دابنرێت، بۆیە ئەمجۆرە رێككەوتنە ستراتیژییە هەرگیز سەركەوتوو نابێت، چونكە تۆ دوو حزبت هەیە مونافەسەی سیاسییان هەیە، راستە تۆ رێككەوتننامەی ستراتیژیت هەیە، بەڵام هەرلایەكیش دەبێت خۆی سەركەوتووبێت، بەڵام بەداخەوە لەمەدا یەكێتی ستراتیژی خۆیی بەباشی بەڕێوەنەبرد.

خەریك بوو تەخوینی یەكێتی بكەن
*لەبارەی رێككەوتنەكەی گۆڕان- پارتی-شەوە لەكاتێكدا كە لەوەتەی گۆڕان دروستبووە، كاری لەسەر پارتی دەكرد، هەمیشە رەخنەی لەپارتی دەگرت‌و یەكێتیی بەپاشكۆی پارتی وەسفكردووە، د. نەجمەدین پێیوابوو: كە ناكرێت دوو مەسەلە تێكەڵاوبكرێت‌و وتی: بەشداریی گۆڕان لەحكومەتدا مافی خۆیەتی، بەڵام گۆڕان ئەمە چەند ساڵێكە زۆر شتی بەڕوونی وتووە سەبارەت بەحوكمڕانیی لەكوردستاندا لەگەندەڵییەوە هەتا شەفافیەت‌و چاكسازیی‌و..هتد، بەڵام یەك دوو خاڵی زۆر گرنگ هەن كە یەكێك لەوانە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمە، كە گۆڕان كارێكی كرد هەرئەوە مابوو بەیەكێتی بڵێت خیانەتتان كردووە‌و لەكاتی دەنگدانەكە ئەوان هەستان لەپەرلەمان چوونە دەرەوە، دووەم یەكێك لەو خاڵانەی كە گۆڕان زۆر باسیان كردووە، مەسەلەی گەڕانەوەی دەستوورە بۆ پەرلەمان، جا بابزانین گۆڕان ئەم بەڵێنانەی خۆی چۆن بەدیدەهێنێت؟ كە من دڵنیام لایەنگران‌و دەنگدەرانی گۆڕانیش زۆر بەنیگەرانییەوە چاوەڕوانی ئەدای ئەو برادەرانەی گۆڕان دەكەن  لەناو حكومەتدا.

راگەیاندنی گۆران باس لەدرێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی هەرێم ناكەن و لەبانگەشەكاندا بێدەنگی هەڵبژاردوە سەبارەت بەو هەڵۆێستی گۆران دكتۆر نەجمەدین رایگەیاند:لەوانەیە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بێت كۆسپ نەخەنە پێش ئەوەی كە بچنە ناو حكومەتەوە بەڵام ئەمە هەر ناتوانن بەم شێوەیە سیاسەت بكەن، چونكە ئەو خەڵكەی كە دەنگی پێیان داوە چاوەروانی ئەوەن هەندێك لەو بەڵێنانەی كە داوایانە یا زۆری ئەو بەڵێنانەی كە داویانە بەدیبهێنن. بۆچی جەماوەری یەكێتی هاتە خوارەوە، چونكە جەماوەری خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی شتی زیاتر بوون‌و پێشبینیی زیاتریان دەكرد لەئۆپۆزسیۆن ئەو پێشبینیانەیان بەلای خۆیاندا راكێشا، كە خەلك دەنگی بۆ بدات ئەو خەڵكە رای خۆیان هەیە‌و چاویان لەئەدای حكومەت دەبێت بەتەئكید چاویان لەئەدای ئەو خوشك‌و برایانە دەبێت كە لەم كابینەیەی هەشتەمدا یان ئەم حكومەتەدا كاردەكەن.

*لەوەڵامی ئەوەشدا كە گۆڕان هەمیشە یەكێتیی بەدرێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم تاوانباردەكرد‌و ئاخۆ ئێستا گۆڕان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەكات
د.نەجمەدین وتی: تائێستا لەهەڵبژاردنەكانەوە گۆڕان ئەو شتەی داپۆشیوەو باسی نەكردووە، بزانینن كە دەچنە ناو حكومەتەوە‌و پەرلەمان دەستبەكاردەبێت ئەوە دەریدەخات كە ئاخۆ ئەو قسانەی كردوویانە بەڕاستییان بووە یان پڕوپاگەندە بووە لەدژی لایەك تاوەكو دەنگبهێنن.
لەبارەی بڕیارئەوەشەوە كە وەزارەتەكانی یەكێتی بەبەتاڵی دەمێنێتەوە‌و بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن هاوشێوەی مالكی لە 2010دا

د.نەجمەدین كەریم هیوایخواست پارتی كۆپی ئەو ئەزموونە فاشیلە نەكات‌و چونكە كوردستان زۆر زەرەر مەنددەبێت‌و وتیشی: تائێستا چونكە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بڕیارێكی هەبووە لەمەكتەبی سیاسی‌و مەرجی بنەڕەتی بەشداریكردنی لەحكومەت ئەوە بووە جگە لەجێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و جێگری سەرۆكی  هەرێم، یەكێك لەو دوو وەزارەتە وەربگرێت، ئێستا كە هیچ كام لەو دوو وەزارەتەی نییە، چاوەڕوانی ئەوە دەبین ئەو حكومەتە رابگەیەندرێت، ئەوكاتە ئێمەش بۆچوونی خۆمان دەبێت وەكو مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.


PUKmedia له‌كوردستانی نوێ-وه‌ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket