riklam

جەمیلە شێخ مەحمود: رەخـسانـدنی هەلی کار بـۆ گـەنجان سه‌ره‌كیترین كارم ده‌بێت ‌

kurdistani 06:20 PM - 2014-04-18
 كاندیدی ژمارە 11 لەلیستی 77ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

كاندیدی ژمارە 11 لەلیستی 77ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

دیداری: مونیرە مەخمووری

جەمیلە شێخ مەحمود كاندیدی ژمارە (11) لەلیستی 77ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەساڵی ‏‏1966 لەسلێمانی لەدایكبووە، دوای تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی كشتوكاڵ، لەبەشی راگەیاندنی ‏زانكۆی سلێمانی وەردەگیرێت‌و بڕوانامەی بەكالۆریۆس لەڕاگەیاندندا بەدەستدەهێنێت، ئێستا ئەندام ‏مەكتەبە لەئەكادیمیای هۆشیاری‌و پێگەیاندنی كادران، بۆ ئاشنابوونی زیاتر چەند پرسیارێكمان ‏ئاراستە كرد‌و ئەویش بەمشێوەیە وەڵامیداینەوە:‏

‏* ئەزموونت لەبواری حزبیدا دەگەڕێتەوە بۆ كەی؟
‏- لەساڵی 1982 پەیوەندیم كرد بەكۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە‌، ئەو كارە رێكخراوەییانەی ‏ئەوكات پێم دەسپێردرا، بریتی بوون لە (راكێشانی رێكخستنی نوێ‌و پەروەردەكردنیان كەپێی دەوترا ‏ئەڵقەی رۆشنبیری، كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر كەسانی گومانلێكرا‌وو پیاوانی رژێم، كۆكردنەوەی ‏ئابوونە، كۆكردنەوەی یارمەتی لەكەسانی دەوڵەمەند‌و باوەڕپێكرا‌و)، هەروەها مانگانە راپۆرتمان ‏لەسەر كۆبوونەوەكان‌و هەواڵ‌و زانیارییەكان دەنارد بۆ رێكخراوی سلێمانی. هەندێكجاریش دەیانناردم ‏بۆ لای خەڵكانێك بۆ داوای یارمەتی، یەكێك لەوانە دكتۆرە فیراز ئەتروشی بەپسووڵەیەكی ‏رێكخراوەیی سلێمانی كەبڕێك پارەی بۆ دیاریكرابوو، تاوەكو یارمەتی بیبەخشێ، چووم بۆ لای‌و بڕی ‏‏200 دیناری پێدام. ساڵی 1987 بووم بەلێپرسراوی شانەی سەرەكی (شەهید سنەوبەر) لەكەرتی ‏شەهید لەیلا، لە 24/1/1990دا لەئەمنی سلێمانییەوە بڕیاری گرتنم بۆ دەرچوو، بەڵام نەیانتوانی ‏دەستگیرم بكەن، بەڵكو توانیم تا راپەڕین بەنهێنی خۆم حەشار بدەم، لەساڵی 1992دا ئەندامی ‏یەكەمین كۆنگرەی گشتی ی.ن.ك بووم. لە 2010 دا ئەندامی سێیەمین كۆنگرەی ی.ن.ك بووم، ‏هەروەها ئەندامی هەر سێ پلینیۆمی ی.ن.ك بووم، ئەندامی كۆمیتەو ئەندام لقی سلێمانی یەكێتیی ‏ژنانی كوردستان بووم، لە 13/5/1997یشدا لەسەر داوای خۆم بووم بەئەندام لیژنە‌و كادری ‏لێكۆڵینەوە لەلیژنەی سلێمانی مەكتەبی مافی مرۆڤ‌و لە 2000 یشدا بووم بەلێپرسراوی لیژنەی ‏سلێمانی، لەساڵی 2005 دا بەڕەزامەندی جەنابی مام جەلال پلەی ئەندام مەكتەبم وەرگرت ‏لەمەكتەبی مافی مرۆڤ.‏

‏* ئەی بواری رۆژنامەگەریی؟
‏- لەساڵی 1997 ەوە تائێستاش چەندین بابەتم لەڕۆژنامەو گۆڤارەكاندا بڵاوكردۆتەوە، كەتایبەتبوون ‏بەمافی مرۆڤ‌و بواری سیاسی‌و ژنان‌و ئابووری، لەساڵی 2009دا سەرنووسەری گۆڤاری (پەیامی ‏مرۆڤایەتی) بووم، ساڵی 1998 تا 2003 بۆ رادیۆی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی‌و رادیۆی ‏گەلی كوردستان، 156 بەرنامەی (مافی مرۆڤ)م ئامادەكردووە. لەساڵی 1999 دا (17)  بەرنامەی ‏‏(مافی مرۆڤ)م بۆ تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان ئامادەكردووەو چەندین خولی هۆشیاری‌و سیمیناری ‏تایبەت بەمافی مرۆڤم رێكخستووە، بۆ كۆمیتەكانی رێكخستن‌و پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، دوو ‏نامیلكەشم لەزمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتەسەر زمانی كوردی‌و چاپ‌و بڵاوكراونەتەوە. ئێستاش ‏جێگری سەرنووسەری گۆڤاری كەلتوورم كە لەلایەن ئەكادیمیای هۆشیاری‌و پێگەیاندنی كادرانەوە  ‏دەردەچێت.‏

‏* چ شتێك بووە هۆكاری خۆكاندیدكردنت بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی؟
‏- پێم خۆش بوو لەبواری خزمەتگوزاریدا كاربكەم، بەئامانجی ئەوەی وەك كادرێكی یەكێتی لەو بوارەدا ‏خزمەت بەخەڵكی سنووری پارێزگاكەمان بكەم‌و ئەو رێژە كەمەی بێكاریی 8% كەمتر بكەمەوە، ‏تادانیشتووانی شارەكەمان خۆشگوزەرانتر بژین، ئەمە بووە هۆكاری خۆكاندیدكردنم.‏

‏* كاتێك پرسیار لەكاندیدەكان دەكەین بەرنامەی كارتان چییە، بێ سێ‌و دوو چەند خاڵێكت بۆ ریز ‏دەكەن، كەهەندێكیان رەنگە قابیلی جێبەجێكردن‌و قبوڵ نەبێت، بەڕای تۆ باشتر نییە كاندیدەكان ‏بەرنامەی كاریان چڕبكەنەوە بۆئەوەی بتوانن جەختی لەسەربكەنەوەو هەوڵی بۆ بدەن؟
‏- بێگومان دەبێت هەر كاندیدێكی لیستی 77ی ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی تایبەتمەندی خۆی‌و ‏سنووری دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا بەرنامەكانی خۆی دابڕێژێت‌و بانگەشەی بۆ بكات، تابتوانیت ‏جێبەجێیان بكات.‏

‏* بەرنامەی تۆ وەكو كاندیدێك بۆ سلێمانی چییە؟ واتا ئەوەی هەست دەكەی تائێستا سلێمانی لێی ‏بێبەش بووەو پێویست بووە زووتر بۆی بكرایە.‏
‏- ئەگەر متمانەی خەڵكم بەدەستهێناو بووم بەئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، دڵنیاتان دەكەمەوە ‏هەوڵدەدەم بۆ ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان‌و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی لەسنووری پارێزگای ‏سلێمانی، بەمەبەستی گەشەكردنی ئابووری‌و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان، چونكە بەپێی سەردانم ‏بۆ هەندێ ماڵ لەناوچە جیاوازەكاندا، بۆم دەركەوت كەڕێژەیەكی زۆر لەگەنجانی دەرچووی ئامادەیی‌و ‏پەیمانگەو زانكۆكان بەگشتی‌و بواری كشتوكاڵ بەتایبەتی هەن‌و تائێستا دانەمەزراون، چونكە هەلی ‏كاركردن بۆ ئەوان نییە. خاڵێكی تریش كەزۆر گرنگە ئاماژەی پێبدەم بیمەی ئۆتۆمبێلە، واتا پێویستە ‏لەو بارەیەوە پڕۆژەیاسایەك بدرێتە حكومەت كە بەشێوەیەك بێت، شۆفێر بتوانێت ئۆتۆمبێلەكەی زامن ‏بكات.‏

‏* تۆ سەرباری كاندیدبوونت، كادرێكی لەناوەندێكی ئەكادیمیدا كاردەكەیت‌و ئەزموونێكی باشت ‏هەیە لەو بوارەدا، بەڕای تۆ تاچەند ئەكادیمیبوون پێویستە بۆ كاندید تا بتوانێت لەبواری پیشەكەی ‏خۆیدا كاربكات؟
‏- ئەكادیمیبوون زۆر گرنگە، چونكە هەموو كارێك یاساو رێسای خۆی هەیەو ئەكادیمییەكان پەی بەو ‏رێسایانە دەبەن، تا ئیش‌و كارەكان لەڕووی (بودجە، كات، جۆریی)یەوە لەو پڕۆژەیەدا بەباشی جێبەجێ ‏بكرێت.‏

‏* ئاگادارین گرنگی بەبواری ئابووری دەدەیت‌و ناوەناوەش وتارێك دەنووسیت، ئایا باشكردنی باری ‏ئابووری هاووڵاتیان‌و گرنگیدان بەكەرتی ئابووری لای تۆ تاچەند گرنگە بۆ پێشخستنی شار، ‏بەتایبەتی شاری سلێمانی؟
‏- وەكو لەپێشەوە باسمكرد، پێویستە گوندەكان ئاوەدان بكرێنەوەو ببنە شوێنی (ژیان‌و كاركردن)ی ‏هاووڵاتیان، تا كۆچی پێچەوانە لەشارەوە بۆ گوندەكان دەستپێبكات، چونكە بەهۆی سیاسەتی ‏تەعریب‌و تەرحیلی حزبی بەعسی رووخاوەوە، دانیشتووانی گوندەكان لەبەرهەمهێنەرەوە بوونەتە ‏بەرهەمخۆر، بۆیە بووژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵی لەڕێی بووژاندنەوەی گوندەكان‌و گرنگیدان بەكەرتی ‏تایبەت‌و كەرتی هاوبەشی نێوان هاووڵاتیان‌و حكومەت چەندین پڕۆژەی پیشەسازی خۆراكی‌و ‏پەروەردەی ئاژەڵ‌و باڵندەو ماسی پەرەدەسێنێت‌و داهاتی تاك بەڕێژەیەكی باش بەرزتر دەبێتەوە‌و ‏ئەوكاتە لەبری هاوردەی خۆراك، هەناردەی خۆراك دەكەین.  ‏

‏* داوای چی لەكۆمەڵانی خەڵك دەكەیت، بەتایبەتی ئێستا كە لەبەردەم دوو هەڵبژاردنی ‏چارەنووسسازداین؟ ‏
‏- داواكارم هەموو كۆمەڵانی خەڵك بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و بەشداربن‌و بڕیار بدەن ‏لەدەستنیشانكردنی ئەو لایەنەی متمانەیان پێیەتی‌و بەردەوامە لەپاراستن‌و خزمەتكردنی كوردستان، ‏چ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و چ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هیوادارم ‏دەنگبدەن بەلیستی 266 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و لیستی 77ی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان، ‏بۆئەوەی ی.ن.ك بەردەوام بێ لەبووژانەوەو خزمەتكردن‌و خۆشگوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

له‌كوردستانی نوێوه‌
  

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket