riklam

لاهور شێخ جه‌نگی: پشتیوانی ئاشتی و زمانی دیالۆگین

ی.ن.ک‌‌ 07:51 PM - 2021-06-12
.

.

لاهور شێخ جه‌نگی و كونسوڵی گشتی هۆڵندا له‌ هه‌رێم، دۆخی سیاسی و ئه‌منی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و پرسی چاكسازیی و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوویان تاوتوێكرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12-6-2021، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری سلێمانی پێشوازی كرد له‌ هانس ئاكربووم كونسوڵی گشتیی هۆڵندا له‌ هه‌رێمی كوردستان و كۆڵۆنێڵ یان تین هۆڤ راوێژكاری سه‌ربازیی له‌ كونسوڵخانه‌ی هۆڵندا له‌ هه‌رێم.

له‌ دیدارێكدا كه‌ د.سۆران جه‌مال تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی ئاماده‌ی بوو، جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵه‌كان و پێویستیی یه‌كخستنی ڕیزه‌كان و كۆده‌نگی نیشتیمانیی نێوان سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌كان بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و ئاڵنگارییه‌ سیاسی و ئه‌منییانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌قامگیری و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتییان.

لاهور شێخ جه‌نگی ته‌ئكیدی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و پابه‌ندبوونی هه‌ردوولا به‌ ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوانیان.

هاوكات ئاماده‌یی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ چاكسازی و یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی بنه‌مای هاوسه‌نگی، ڕاشیگه‌یاند: بوونی یه‌ك هێزی نیشتمانی پڕچه‌ك و مه‌شقپێكراو بۆ ئێستا و داهاتووی كوردستان گرنگه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی ده‌كه‌ین. له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ پێزانینی پێشكه‌ش به‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرد كه‌ له‌و پێناوه‌دا هه‌نگاوی گرنگیان ناوه‌.

له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كدا ئاماژه‌ به‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش كرا و جه‌خت له‌ به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ كرایه‌وه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و خانه‌ نوستووانه‌ی داعش.

هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی بۆ په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كان كه‌ به‌م دواییه‌ له‌ سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێم و توركیا هاتونه‌ته‌ ئاراوه‌، وتیشی: نابێت ڕێگه‌ بده‌ین سه‌قامگیری و ئاسایش و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان به‌ بیانووی جۆراوجۆر بخرێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، دووپاتی كرده‌وه‌ گرتنه‌به‌ری شه‌ڕ و ڕێگه‌ی سه‌ربازی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، پشتیوانیی ڕێگه‌ی ئاشتی و زمانی دیالۆگین بۆ كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌كان. وتیشی ئێمه‌ ڕامانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی شه‌ڕی براكوژین.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا هاوسه‌رۆك لاهور شێخ جه‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقی به‌ گرنگ زانی، بۆ گۆڕانكاریی ڕاسته‌قینه‌ و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان و وتی: وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هانی هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌ده‌ین بێنه‌ ژێر چه‌تری لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان كه‌ له‌ نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێكهێنراوه‌ و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت یه‌كده‌نگیی كورد له‌ به‌غدا بپارێزین و له‌ ڕێگه‌ی خه‌باتی پارله‌مانییه‌وه‌ ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كورد به‌ ده‌ست بهێنین.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket