riklam

سه‌رۆك كۆمار داوای ڕاگرتنی پێشیلكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا ده‌كات

عیراق 08:17 PM - 2020-07-08
.

.

سه‌رۆك كۆمار جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌گرنگی پشتیوانی له‌ عیراق بۆ راگرتنی پێشلكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا.

سه‌رۆك كۆمار د.به‌رهه‌م ساڵح، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8-7-2020 له‌كۆشكی به‌غداد پێشوازیكرد له‌ ژماره‌یه‌ك باڵیۆزی وڵاتانی عه‌ره‌بی.

له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی چۆنیه‌تی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری بونیاتنه‌ر له‌ ته‌واوی بواره‌كان، به‌جۆرێك زامنی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بكات.

ھه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی عیراقی خاوه‌ن سه‌روه‌ری پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانییه‌ كه‌ ئاشتی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی عیراق ده‌پارێزێت، ھه‌روه‌ھا ئاماژه‌شیكرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری عیراق كۆڵه‌كه‌ییه‌كی گرنگه‌ بۆ ئارامی ناوچه‌كه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عیراق ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن كاریگه‌رییه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌و جیھان، بۆیه‌ پێویسته‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری عێراق بگرن و ده‌ستوه‌رنه‌ده‌نه‌ كاروباری ناوخۆیی له‌ پێناو بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ھێزله‌سه‌ر لێكگه‌شتنی هاوبه‌ش.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌گرنگی پشتیوانیكردنی كاروانی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و گرژییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌جۆرێك ببێته‌مایه‌ی به‌رقه‌راربوونی ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ گشت وڵاتانی ناوچه‌كه‌، سه‌رۆك به‌رھه‌م ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد ناكرێت عێراق ببێته‌ به‌شێك له‌ سیاسه‌تی جه‌مسه‌رگیری.

ھاوكات ئه‌وه‌شی گوت عیراق په‌رۆشی سه‌نگی پێگه‌كه‌یه‌تی له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ سۆنگه‌ی مێژووی و دێرینی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، كاری جددیش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی ئارام بێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ به‌رژوه‌ندی و ئامانجی هاوبه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ بدات، كه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن و خۆشگوزه‌رانی ئابووری بۆ سه‌رجه‌م گه‌لانی ناوچه‌كه‌ بێته‌كایه‌وه‌.

سه‌رۆك به‌رهه‌م جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پێویستی راگرتنی پێشلكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی عیراق، كه‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عیراق و ئاسایشی ناوچه‌كه‌، ھه‌روه‌ھا ستایشی هه‌ڵوێستی وڵاتانی دۆست و كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی كرد له‌ پشتیوانی عێراق به‌رامبه‌ر  پێشلكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی توركیا و به‌رقه‌راربوونی ئاسایش و ئارامی له‌ عێراق دا.

سه‌رۆك كۆمار تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ كار و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش ئه‌نجام بدرێت له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی گونجاو بۆ كێشه‌ سنوورییه‌كانی نێوان ھه‌ردوو وڵات به‌ رێگه‌ی دیبلۆماسی و گفتوگۆی جددی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش.

له‌ لای خۆیانه‌وه‌ باڵیۆزانی وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كانی عیراق دووپاتكرده‌وه‌ له‌ باره‌ی پارێزگاریكردن له‌ سه‌روه‌ری و خاكه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی ده‌ره‌كی، دووپاتیشیان كرده‌وه‌ له‌سووربوونی وڵاته‌كانیان بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌كانیان و له‌ باره‌ی چه‌ندین بابه‌تی گرنگی هاوبه‌ش ووتوێژ كرا.

PUKmedia

200 (2).jpg

200 (1).jpg

200 (4).jpg

200 (3).jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket