riklam

مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین هۆشداری ده‌داته‌ حزبی ئیسلامی عیراق

kurdistani 12:18 PM - 2013-06-20
مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین هۆشداری ده‌داته‌ حزبی ئیسلامی عیراق

مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین هۆشداری ده‌داته‌ حزبی ئیسلامی عیراق

له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی حزبی ئیسلامی عیراق بۆ قه‌ناعه‌تپێكردنی كاندیدێكی یه‌كێتی به‌وه‌رگرتنی پۆستی جێگری پارێزگای دیاله‌، مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی خانه‌قین-ی ی.ن.ك، ئه‌م هه‌وڵه‌ به‌پیلانێك وه‌سفده‌كات بۆئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ به‌ر كورد نه‌كه‌وێت.

مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی خانه‌قین، له‌ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا سوربوونی خۆی دوپاتده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی پارێزگای دیاله‌ بۆ كاندیدی ره‌سمی كوردو یه‌كێتی بێ، داواش له‌ حزبی ئیسلامی عیراق ده‌كات به‌زووترین كات چاو به‌و بڕیارانه‌یدا بخشێنێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌یه‌:
 
روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قینی (ی.ن.ك) له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی حزبی ئیسلامی و ره‌وتی سه‌در

له‌دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عیراقه‌وه‌، هه‌وڵێكی زۆر درا، لیستی كوردستانی راكێشرێته‌ ناو  كێشمه‌كێشه‌كانی  لیسته‌كانی پارێزگای دیاله‌.
مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین  وه‌كو هه‌میشه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو لایه‌نه‌كان و دۆخه‌كه‌، به‌هێمنی هه‌نگاوی ده‌نا هه‌تا وه‌كو به‌شێكی چارسه‌ری كێشه‌كان بمێنیته‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌، لیستی حزبی ئیسلامی -پارێزگای دیاله‌، كه‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ مه‌ڵبه‌ندو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌رده‌وام ده‌كردو ده‌شیزانی دوا بڕیار لای مه‌كته‌بی سیاسییه‌، ئه‌مڕۆ لیستی ناوبراو، له‌پشتی په‌رده‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ره‌وتی سه‌در كۆبوونه‌ته‌وه‌و به‌بێ بڕیاری ره‌سمی مه‌كته‌بی سیاسی و مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین، كاندیدێكی ده‌سه‌ڵاتپێنه‌دراوی یه‌كێتی-یان به‌پۆستی جێگری پارێزگای دیاله‌ قه‌ناعه‌ت پێكردووه‌و ئه‌مه‌ش پیلانێكی ئاشكرایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دیاله‌ به‌ر كورد نه‌كه‌وێ.
مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین له‌كاتێكدا ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ ده‌رده‌بڕێ، بیری حزبی ئیسلامی ده‌خاته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر خانه‌قین و مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین نه‌بوایه‌، خۆیان ده‌زانن له‌ دوو ساڵی رابردوودا له‌ پارێزگاكه‌دا چیان به‌سه‌رده‌هات، بۆیه‌ به‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ رای ده‌گه‌یه‌نین كه‌وا:
یه‌كه‌م: سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی پارێزگای دیاله‌ بۆ كاندیدی ره‌سمی كوردو یه‌كێتی بێ، كه‌ له‌دوا كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی رۆژی 16-6-2013 په‌سه‌ندكراوه‌.
دووه‌م : داواده‌كه‌ین به‌زووترین كات حزبی ئیسلامی چاو به‌و بڕیارانه‌دا بخشێنێته‌وه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی نێوان حزبی ئیسلامی عیراق و یه‌كێتی ناگونجێت.
سێیه‌م: ئۆباڵی هه‌موو كێشه‌یه‌كی ئیداری و سیاسیش له‌قه‌زای خانه‌قین-دا، ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسانی حزبی ئیسلامی عیراق له‌پارێزگای دیاله‌و ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ناوی یه‌كێتی له‌گه‌ڵیان رێككه‌وتووه‌.
چاوه‌ڕوانین وه‌ڵامی ره‌سمی وه‌ربگرین و به‌زووترین كات ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

مه‌ڵبه‌ندی 8ی رێكخستنی خانه‌قین
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
19/6/2013

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket