riklam

لە رۆژی ئازادی رۆژنامەگەریدا مەترسی لەسەر رۆژنامەنووسانی هەرێم هەیە

کوردستان 02:32 PM - 2024-05-03
 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان PUKMEDIA

پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان

ئەمڕۆ 3ی 5ی 2024 رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری جیهانییە، بەڵام راپۆرتەکان سەبارەت بە دۆخی رۆژنامەوانی لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوەدەکەن کە بارودۆخی رۆژنامەنووسان باش نییە و رێگری و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و مەترسییان لەسەرە، پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو: "لە بەغدا و هەولێر زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراوە".

سەرۆک بافڵ: پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین

پشتر بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باوەڕی تەواوی بە ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و مافی بەدەستهێنانی زانیارییە، بەهەمووشێوەیەكیش دژی بەرتەسككردنەوەی سنوورەكانی ئازادی و پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسان دەوەستێتەوە و بە هەڕەشەیەكی جدیی دەزانێت لەسەر دیموكراسی و وێنای هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، كەبەداخەوە لەماوەی رابردوودا هەرێمەكەمان بەهۆی چەند حاڵەتێكی لەوشێوەیەوە رووبەڕووی رەخنەی توند  بووەوە".

لە پەیامەکەی سەرۆک بافڵ دا ئاماژە بەوەشدرابوو: "لە رابردوودا بەهەمووشێوەیەك پاڵپشت و پشتیوانیی رۆژنامەنووسان بووین، ژینگەیەكی ئازادمان فەراهەمكردووە و داوامان لە رۆژنامەنووسان كردووە بوێربن و ئازادانە رەخنەمان لێبگرن، بە رەخنەكان گەورە دەبین و بەخۆماندا دەچینەوە، لەداهاتووشدا بەهەمان رۆحییەتەوە بەردەوامدەبین و پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین".

 

قوباد تاڵەبانی: بەبێ ئازادی رۆژنامەگەری دیموکراسی سەقامگیر نابێت

مۆنۆمێنتی “پارێزەرانی حەقیقەت” لە سلێمانی دروست دەکرێت و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەڵێت: "بە رێزەوە یادی هەموو شەهیدانی رۆژنامەگەری لە کوردستان و عیراق دەکەینەوە و بەبێ ئازادی رۆژنامەگەری، نە ئازادییەکانی دیکە پارێزراو دەبن، نە کۆمەڵگای مەدەنی گەشە دەکات و نە دیموکراسییەکی سەقامگیر جێگیر دەبێت".

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریدا، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە: "بەرگریکردن لە ئازادی کاری رۆژنامەگەری یەکێکە لە باوەڕ و پرەنسیپە نەگۆڕەکانی ژیانی سیاسیم، بەپێی ئەزمونی وڵاتان، بەبێ ئازادی رۆژنامەگەری، نە ئازادییەکانی دیکە پارێزراو دەبێت، نە کۆمەڵگای مەدەنی گەشە دەکات و نە دیموکراسییەکی سەقامگیر جێگیر دەبێت و نە حکومڕانییەکی دروست و بەرپرسیار دێتەئاراوە، هەر لەم بۆنەیەشدا بە رێزەوە یادی هەموو شەهیدانی رۆژنامەگەری لە کوردستان و عیراق دەکەینەوە و رایدەگەیەنین لە نزیکترین کاتدا لە سلێمانی مۆنۆمێنتی “پارێزەرانی حەقیقەت” دروست دەکەین".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لە بەغدا و هەولێر مامەڵەی خراپ لەگەڵ رۆژنامەنووساندا کراوە

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێم ئاماژەی بەوەکردبوو: "بارودۆخی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2023 خراپتر بووە".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له رۆژی‌ 22/4/2024 كه‌ هاوكاتی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی بوو، راپۆرتی ساڵانه‌ی بڵاوكرده‌وه ‌و تێیدا رایگەیاندبوو: "به‌هۆی زیادبوونی سنوورداركردنی ئازادییه‌ بنه‌ڕ‌ە‌تییه‌كان و ژینگه‌ی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، له‌ساڵی 2023دا دۆخی مافی رۆژنامه‌نوسان خراپتر بووه‌"، و " تا كۆتایی مانگی ئایار 345 حاڵه‌تی مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ ڕ‌ۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات تۆماركردووه‌ و زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كانیش له‌ به‌غدا و هه‌ولێر بوون".

لە هەمان کاتدا لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا پرسی ده‌ستگیركراوانی بادینان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ باسكراوه‌ته‌وه‌و ئاماژەبەوەدراوە: "تا مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، شێروان شێروانی و گوهدار زێباری، کە دوو له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی بادینانن تائێستاش له‌زیندان ماونه‌ته‌وه‌، كه‌ بڕ‌یار بوو شێروانی و زێباری له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا ئازاد بكرێن، به‌ڵام ماوه‌ی زیندانیكردنیان درێژكراوەتەوە، دوای ئه‌وه‌ی ڕ‌استه‌وخۆ پێش واده‌ی دیاریكراوی ئازادكردنیان، تۆمه‌تی زیاتریان خراوه‌ته‌ پاڵ، هاوكات له‌ مانگی ته‌مموزدا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دهۆك ڕ‌ۆژنامه‌نووس ئومێد به‌رۆشكییان ده‌ستگیركرد، دوای ئه‌وه‌ی به‌رۆشكی كۆنگره‌یه‌كی ڕ‌ۆژنامه‌وانی ئه‌نجامدا بۆ ڕ‌ە‌خنه‌گرتن له‌و سزا درێژكراوه‌ی كه‌ به‌سه‌ر شێروانی دا ده‌رچووه‌، له‌كاتێكدا ناڕەزایه‌تی ده‌رده‌بڕی به‌رامبه‌ر به‌و بڕ‌یاره‌".

کونسوڵخانەی ئەمریکا: رێگری بکرێت لە هەراسانكردن و دەستگیكردنی هەڕەمەكیانە

کونسوڵخانەی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە دەبێت رۆژنامەنووسان بێ ترس کار بکەن و رێگری بکرێت لە جیاكاری لەسەر بنەمای ئینتیمای سیاسی و هەراسانكردن و دەستگیكردنی هەڕەمەكیانە.

پێشتریش لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولیر پەیامێكی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی بەرزڕادەگرین و پێویستە هەمووان بەردەوامبین لە پشتیوانیكردنی ڕاگەیاندنێكی ئازاد كە لایەنێكی بنەڕەتیی حوكمڕانیە دیموكراتیەكانی جیهانە".

"پێویستە رۆژنامەوانان بتوانن كاری خۆیان بەبێ ترس بكەن و رێگری بکرێت لە جیاكاری لەسەر بنەمای ئینتیمای سیاسی و هەراسانكردن و دەستگیكردنی هەڕەمەكیانە"، كونسوڵخانەی ئەمریكا لە پەیەیامەكەیدا وادەڵێت.

3ی 5ی هەمووساڵێک رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە، لەمساڵیشدا سەبارەت بە عیراق و هەرێمی کوردستان راپۆرتەکان ئاماژە بە بارودۆخێکی باش بۆ رۆژنامەنووسان ناکەن و پێشێلکارییەکان لەچاو ساڵی رابردوودا بەرامبەریان زیادی کردووە.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket