riklam

زیاد جەبار: هەرێم پێویستی بە حکومەت و پەرلەمانێکی کارایە

کوردستان 11:31 AM - 2024-05-02
 زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی PUKMEDIA

زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژاردن

لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت:"ئەگەر لەژێر هەر پاساویکدا هەڵبژاردن دوابخرێت، یەکێتی رێکاری یاسایی لەهەرێم و عیراق لەدژی دەگرێتەبەر، چونکە ناکرێت لەوە زیاتر حکومەتێکی کاربەڕێکەر و دامەزراوەیەکی یاسا دانانی داخراومان هەبێت و پێمان وایە هەرێم پێویستی بە حکومەت و پەرلەمانێکی کارایە".

بەزووترین کات دامەزراوەکان کارابکرێنەوە
 

زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتی لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند:" لەکۆبوونەوەی دوێنێی مەکتەبی سیاسیدا تەئکید لە هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی کە سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە کرایەوە، چونکە هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە لەبۆشایی یاساداناندایە و حکومەتیش کاربەڕێکەرە، بۆیە پێویستە بەزووترین کات دامەزراوەکانی کارابکاتەوە، کە ئەمەش بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێت".

"هەر لایەنێک هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات، بەرپرسیارییەتی لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی دەکەوێتە ئەستۆ، هاوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری هیچ هەوڵ و کۆبوونەوەیەک ناکات، کە ئامانج لێی دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بێت، ئەگەر هەوڵێکیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە نایاسایی هەبێت، بەدڵنیاییەوە یەکێتی پەنا دەباتە بەر یاسا لەهەرێمی کوردستان و عیراق"، زیاد جەبار وایوت.

یەکێتی هەوڵی دروستکردنی کۆدەنگی لایەنەکان دەدات

لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتی لەبارەی کۆدەنگی لایەنە کوردستانییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە کە ١٠-٦-٢٠٢٤ وتی:" هەمووکات هەوڵی دروستکردنی کۆدەنگی لایەنە کوردستانییەکانمان لەسەر پرسە نیشتمانییەکان لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک داوە و بۆ کۆدەنگیش لەسەر پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی لای گرنگە سەرجەم لایەنەکان بەشداربن لەهەڵبژاردن و کۆدەنگی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروستببێت".

راشیگەیاند:" پارتی دەیەوێت پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخات، لەبەرامبەردا هەموو کات یەکێتی لەهەوڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە و دەرکردنی چوار جار مەرسوم بۆ وادەی هەڵبژاردن و سێ جار دواخستنی هەڵبژاردن لەسەر داوای یەکێتی نەبووە و هەرگیز لەگەڵیشیدا نەبوین".

جگە لەپارتی سەرجەم لایەنەکان هەڵبژاردنیان دەوێت

زیاد جەبار لەچاوپێکەوتنەکەدا راشیگەیاند:"جگە لەپارتی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی دیکە هەڵبژاردنیان دەوێت، چونکە پێمان وایە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەهەرێم بەڕێوەدەچێت".

"ئەو یاسایە بەسەرچووە، کە لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا پارتێکی سیاسی بە بەری خۆی یاساکەی دوریوە و سودی لە کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە نیشتمانییەکان لەبەرژەوەندی خۆی وەرگرتووە، لەئێستادا یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات، کەهەرێمی کوردستان بکەوێتە سەر هێڵە دیموکراسییە راستەقینەکە و بۆ ئەمەش یاسا بە سەروەر دەزانێت"، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی وایوت.

لەکۆتایی چاوپێکەوتنەکەشدا زیاد جەبار ئاماژەی بەوەکرد:" سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لەهەرێم جگە لەپارتی و لایەنە عیراقییەکانیش پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پشتگیری لەکاراکردنەوەی دامودەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە بێگومان ئەوەش تەنها بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێت".

 

بۆ بینینی چاوپێکەوتنەکە بەڤیدیۆ کلیک لێرە بکە...

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket